زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا چالاکیەکی بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئەنجامدا
لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٥ زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بۆنەیەکی تایبەت بە ڕەمەزان ئەنجامدا، کە تێیدا فێرخوازان و مامۆستایان و کارمەندان بەشدار بوون بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆیەک لەسەر بەڕۆژووبوون و خۆراک و ئارامی ڕۆحی.
چالاکییەکە کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز لە لایەن قورئانخوێنی نێودەوڵەتی بەڕێز بەختەوەر بەهادین، کە فێرخوازی بەشی دەرمانسازیە دەستیپێکرد. دوابەدوای ئەمەش بەڕێز مامۆستا مەلا محەمەد شێخ ڕەزا بەیاوەری دوو دەفژەنی هاوڕێی چەند سروودێکی ئایینیان پێشکەش کرد و کەشێکی ڕۆحیان بۆ کۆبوونەوەکە دروست کرد.
یەکێک لە گرینگترین چالاکیەکانی ئەم بۆنەیە گفتوگۆیەکی زانستی بوو لەگەڵ دکتۆر سیروان عەبدوڵڵا پسپۆڕی خۆراک و قەڵەوی. گفتوگۆکە لایەنە جۆراوجۆرەکانی مانگی ڕەمەزانی گرتەوە، لەوانە سوودە جەستەییەکانی ڕۆژوو، کاریگەریی خۆراک لەسەر تەندروستی گشتی، و ئامۆژگارییە خۆراکییە پێویستەکان بۆ پارشێو و ڕۆژوو شکاندن. لە میانی گفتوگۆکەدا دکتۆر سیروان چەند ئامۆژگاریەکی بەنرخی سەبارەت بە پەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی هاوسەنگ پێشکەشکرد لە ماوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وزە و باشترکردنی تەندروستی بە گشتی.
ئەم چالاکییە تێگەیشتنێکی قووڵتری لە گرنگی ڕەمەزان دروستکرد و لە هەمان کاتدا بووە هۆی دروستکردنی تێگەیشتنێکی باشتر لەسەر هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی تەندروست. چالاکیەکە بە پرسیار و وەڵامی ئامادەبوان و دکتۆر سیروان کۆتایی هات کە ئامادەبووان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا داوای ئامۆژگاری پسپۆڕ بکەن سەبارەت بە ڕۆژووگرتن و خۆراک.