زانکۆی کۆمار چالاکیەکی سەبارەت بە هۆشیاری شێرپەنجە ئەنجامدا
لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٥، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا چالاکییەکی هۆشیاری شێرپەنجەی ڕێکخست کە تێیدا هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر شوان عەلی تۆفیق و دکتۆر سارا جەمیل نیزامەدین بەشداربوون. لە چالاکیەکەدا فێرخوازان و مامۆستایان و پسپۆڕانی چاودێری تەندروستی ئامادەی بوون بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە خۆپاراستن لە نەخۆشی شێرپەنجە و ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی توشبوون بە نەخۆشیەکە. چالاکییەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو، سەرەتا بە سیمیناری زانستی لەلایەن هەردوو پزیشکی پسپۆڕ دەستی پێکرد. دکتۆر سارا جەمیل نیزامەدین، پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە، تێڕوانینەکانی سەبارەت بە شێرپەنجە خستەڕوو، هەروەها باسی لە نەخۆشییەکە و هۆکارە مەترسیدارە جیاوازەکان کرد کە دەکرێت ببنە هۆی تەشەنەسەندنی. دکتۆر شوان عەلی تۆفیق پزیشکی نەخۆشیەکانی خوێن و لیمفەگرێکان، تیشکی خستە سەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی، جەختی لەسەر گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی تەندروست کردەوە لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.
دوا بە دوای سیمینارەکان، فێرخوازانی بەشە جیاوازەکانی زانکۆی کۆمار ڕۆڵێکی چالاکیان بینی بە ڕێکخستنی هەڵمەتێکی پاڵپشتی دارایی. لە میانی چالاکیەکەکەیاندا چەند پڕۆژەیەکی جۆراوجۆریان نمایشکرد و ئامادەبووانیان هاندا تا بە هاوکاری دارایی بەشدار بن تا داهاتەکەی ببەخشنە نەخۆشخانەی هیوا بۆ پشتگیریکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە و هەوڵە بەردەوامەکانی چارەسەرکردن.