فێرخوازانی زانکۆی کۆمار فێستیڤاڵی کورتەفیلمیان ئەنجامدا
زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا فێستیڤاڵی کورتە فیلمی KUST 2025ی ئەنجامدا، بە سەرپەرشتی مامۆستا کیژان سالار مامۆستا لە بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی. لە چالاکییەکەدا لە ڕێگەی فیلمی یەک خولەکییەوە چیرۆکگێڕانی بینراو و داهێنەرانە لە لایەن فێرخوازانەوە پێشکەشکرا، کە هەریەکەیان پەیامێکی ڕوون و ماناداریان پێشکەش کرد.
بە گشتی ٢٠ بەشداربوو لە قۆناغی پێش کۆتایی دیاری کران و فێستیڤاڵەکە پێشوازی لە ١٥٤ دەنگدەر کرد بۆ دیاریکردنی ٣ باشترین فلیم. لیژنەی دادوەری بریتی بوون لە مامۆستا کیژان سالار لە زانکۆی کۆمار، سینەماکار و بەرهەمهێنەر کیمبەرلی ئان لە لۆس ئەنجلۆس و ئەکتەری پیشەگەر لۆرا ویتنبێرگەر لە نیویۆرک. هەر یەک لە ئەندامانی لیژنەکە وتارێکی کورتی پێشکەش کرد، کە تێڕوانینێکی لەبارەی هونەری فیلمسازی و کاریگەرییەکانی چیرۆکگێڕانی کورتە فیلمی لە خۆگرت.
لە چالاکیەکەدا نمایشی سەرجەم فیلمە پاڵێوراوەکان کرا، دواتر دەنگدانی ڕاستەوخۆ ئەنجامدرا و چالاکییەکە بە ڕاگەیاندنی براوەکان و وێنەگرتنی بە کۆمەڵ کۆتایی هات.
فێستیڤاڵەکە بە سەرکەوتوویی تیشکی خستە سەر هێزی چیرۆکگێڕانی پوخت و پابەندبوونی زانکۆی کۆماری دووپاتکردەوە بۆ پەروەردەکردنی داهێنان و دەربڕینی هونەری لەناو کۆمەڵگاکەیدا.