ستافی زانکۆی کۆمار بەشداری ڕاهێنانێکی فریاگوزاری سەرەتاییان کرد
یەکەی تاقیگە و ستافی کلینیکی ددان لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە سەرکەوتوویی ڕاهێنانێکی فریاگوزاری سەرەتایی سێ ڕۆژەیان تەواو کرد کە لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ و ١٩ی ١ی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. ڕاهێنانەکە لە لایەن بەڕێز مامۆستا ڕۆژگار جەلال بە هاوکاری مامۆستا ڕاز سامان بەڕێوەچوو، کە تێیدا سەرنجیان خستە سەر ئەو کارامەیی و زانیاریانەی کە پێویستن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک لە بارودۆخی فریاگوزاریدا. هەر لە ڕاهێنانەکەدا هەندێک زانیاری پراکتیکی خرایە ڕوو تا ئامادەبوان شارازایی پەیدا بکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە فریاگوزاریەکان لە بارودۆخی نەخوازراودا.
لە کۆتایی ڕاهێنانەکەدا ڕاهێنەران و بەشداربوان بڕوانامەی پێزانینیان پێبەخشرا کە لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان پێشکەشکرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشداریکردن و پابەندبوونیان بە بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی لە ناو کەمپی زانکۆدا.
زانکۆی کۆمار پابەندە بە ڕاهێنانی کارمەندانی بەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ دڵنیابوون لە بوونی ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراو بۆ فێرخوازان و کارمەندان و سەردانیکەران.