زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا یادی ڕۆژی جلی کوردی بەرز ڕاگرت
لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، ڕۆژی جلوبەرگی کوردیی بەرز ڕاگرت بۆ ڕێزلێنان لە میراتی دەوڵەمەندی ڕۆشنبیری جلی کوردی. لەم ڕۆژەدا زانکۆ بۆنەیەکی سازکرد کە تێیدا گفتوگۆ و سیمینار لەسەر گرنگی مێژوویی و کولتووری و پەیوەندیگرتنی نازارەکی جلوبەرگی کوردیی سازکرا.
سەرەتای چالاکییەکە بە وتارێکی پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ کاروباری فێرخوازان و ئەکادیمی دەستیپێکرد. لە وتارەکەیدا بەڕێزیان تیشکیان خستە سەر گرنگی مێژوویی جلی کوردی و پەیوەندیی قووڵی بە شوناسی کوردەوە.
دوابەدوای ئەمەش دکتۆر بێخاڵ مامۆستای زانکۆی سلێمانی سیمینارێکی لەسەر جلوبەرگ وەک فۆرمێکی پەیوەندی نازارەکی پێشکەش کرد. جەختی لەسەر ڕۆڵی جلوبەرگ کردەوە لە گەیاندنی پەیامەکان و دەربڕینی ناسنامە و داڕشتنی تێڕوانینەکان لە کۆمەڵگادا.
لە کۆتاییدا د.هێمن کەریم، مامۆستا لە زانکۆی کۆمار، باسی لە گرنگیی کولتووری جلوبەرگی کوردی و کاریگەرییەکانی لەسەر نەتەوەی کورد کرد. لە قسەکانیدا دکتۆر هێمن ڕۆشناییان خستە سەر ئەوەی کە چۆن جلوبەرگی نەریتی کوردی وەک هێمای خۆڕاگری و میرات و یەکگرتوویی لە نێوان کوردەکاندا ماوەتەوە.
چالاکییەکە بە سەرکەوتوویی مامۆستایان و خوێندکاران و میوانانی کۆکردەوە بۆ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی جلوبەرگی کوردی لە پاراستنی مێژوو و داڕشتنی شوناسی کولتووری.