یاداشتی ناڕەزایی سەرۆکی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان
زانکۆ تایبەتەکان وەک دامەزراوەیەکی ڕەسمی ناسێنراو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان و بەشێکی گرنگن لە گەیاندنی ئاستی زانستی ووڵات بۆ ئاستێکی بەرزتر هاوشانی زانکۆ حکومییەکان کە بتوانێت کادری کارامە و شارەزا و پڕچەک بە ئاکارەکانی سەدەی ۲۱ بەرهەم بهێنن. لە هەندێک پێوەردا هەندێ زانکۆی تایبەت تەنانەت بوونەتە نمونەیەکی بەرزی زانستی بۆ زانکۆ حکومییەکانمان. بۆیە گشتاندن لە پیشاندانی ئاستی زانکۆ تایبەتەکان و پۆلێنکردنیان بە هەمان ئاست کارێکی نازانستی و ناپرۆفیشناڵانەیە کە هەر لایەک بیکات، چونکە چەندین پێوەری زانستی هەیە کە ئەبێت ئەم پۆلێنە لەبەرچاو بگیرێت بەتایبەت کە دێتەسەر پێوەری دەرچووەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەبینرێت کە دەرچووی بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان لە ئاستی جیهانی کێبڕکێی چەندین کورسی خوێندنی باڵایان کردووە لە ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا و چین. ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆریان خاوەن کاری خۆیانن و دەرفەتی بازاڕ و کارکردنیان بۆ چەندین دەرچووی تر ڕەخساندووە. چونکە بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان پەیڕەوی پێوەرە جیهانیەکان ئەکەن لە ئامادەکردنی فێرخواز بۆ ئاڵەنگارییەکانی سەردەم کە خۆی لە ژیری دەستکرد و گەشەسەندنێکی بەردەوام لە بوارە جیاجیاکان ئەبینێتەوە بەجۆرێک کە فێرخواز لە چەقی پڕۆسەی فێربوونایە و ڕۆڵێکی ئەرێنی ڕاستەوخۆی هەیە لە چارەسەری کێشە هەنووکەییە ناوخۆییەکان لە بواری خۆی ئەمەش بە دەرەنجامی ئەو چەندساڵە خوێندنەی کە لە زانکۆ تایبەتەکان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی هەبووە لەگەڵ ئەم کێشانە وەک بەشێک لە پرۆگرامی خوێندنەکەی و مەرجی دەرچوونی. لە هەمان کاتدا ئەم زانکۆ تایبەتانە بونەتە لانکەی چەندین پسپۆڕی جیهانی و ناوخۆیی کە بەشێکیان ئەزمونێکی جیهانی پێشکەووتویان هەیە لە بوارەکەی خۆیان و بە دڵسۆزانە گەڕاونەتەوە بۆ خزمەتی ووڵاتی خۆیان کە شایستەی ڕێز و پێزانین لەلایەن ناوەندە جیاجیاکان و کۆمەڵگاوە. جگە لەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرچووانی زانکۆ تایبەتەکان بوونەتە کادر و سەرکردەی بەتوانا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا. ئەمەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکانی ئێمە شانازی نیشتمانین نەوەک لەلایەن کەسانێک کە ڕۆژێک بەرکەوتنیان نەبووە لەگەڵ ئەم زانکۆیانە و ئاستەکەیان ڕێگربووە لە هەبوونی چانسێک کە ببن بە بەشێک لەم زانکۆیانە و پەنایان بردۆتە بەر تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندنیان بەبێ پشتبەستن بە بنەمایەکی ئەکادیمی و زانستی و بیچوێنن بە مارکێت!
بۆیە چواندنی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێم بە مارکێت لە لایەن دکتۆر سەروەر عبدالرحمن ەوە دەچێتە خانەی تەشهیر و ناوزراندن بۆیە دەبێت لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە هەمان کەناڵی میدیاییەوە پۆزش بهینیتەوەو بەفەرمی داوای لیبوردن بکات بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر.
سەرۆکی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان

