زانکۆی کۆمار سیمپۆزیۆمێکی لەسەر هاوسەرگیری پێشوەختە و دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی سازکرد
زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سیمپۆزیۆمێکی بەناونیشانی “هاوسەرگیری پێشوەختە و لێکەوتەکانی: کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر خۆشگوزەرانی و مەترسی جیابوونەوە” سازکرد. لە میانی چالاکییەدا هەر یەک لە ئەکادیمیست و پزیشکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەهەندە جیهانی و ناوخۆییەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە و سەرنج خستنە سەر چۆنیەتی کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی درێژخایەن و کاریگەریەکانی لەسەر مەترسی جیابوونەوە.
سیمپۆزیۆمەکە بە وتاری پێشوازی دەستیپێکرد کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی هاوسەرگیری پێشوەختە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی هۆشیارانە کردەوە. سەرەتا بابەتێک لە لایەن دکتۆر شەهلا عەلی پێشکەش کرا کە تێیدا دیدێکی جیهانی سەبارەت بە هاوسەرگیری پێشوەختە خستە ڕوو هەروەها باسی لە ڕەوتە جیهانیەکان کرد و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابوورییە فراوانەکانی گەنگەشە کرد. دوابەدوای ئەوە بابەتێکی دی لە لایەن پارێزەر بوار کۆسار م. ئەمین پێشکەشکرا کە تیشکی خستە سەر داتای ئەم دواییەی شاری سلێمانی و ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندی نێوان هاوسەرگیری پێشوەختە و بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە هەرێم.
پاشان پانێڵێک بە سەرپەرشتی دکتۆر شەهلا عەلی ئەحمەد، مامۆستا لە زانکۆی کۆمار، بەڕێوەچوو کە تێیدا بوارەکانی کاری کۆمەڵایەتی، یاسا، و پزیشکی کۆکردەوە. پانێڵستەکان تێڕوانینەکانیان لە ئەزموونی پیشەیی خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی خێزان و ڕێکارە یاساییەکان و دەرئەنجامە پزیشکییەکانی پەیوەست بە هاوسەرگیری پێشوەختە باسکرد.
بەدرێژایی چالاکییەکە، پانێلیستەکان جەختیان لەسەر پێویستی هۆشیاری کۆمەڵگا و دەستێوەردانی پشتیوانی و یاسا کردەوە کە خۆشگوزەرانی و مافەکان و سەقامگیری داهاتووی گەنجان لە پێشینەدا بن.













