زانکۆی کۆمار بە پانێڵێک ڕۆژی جیهانی کتێبخانەی یاد کردەوە
زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە بۆنەیەکی تایبەت کە لە کتێبخانەی زانکۆ بەڕێوەچوو، ڕۆژی جیهانی کتێبخانەیان بەرز ڕاگرت. لە چالاکییەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی جیهانی کتێبخانەکان و ڕۆڵی سەرەکی خوێندنەوە لە گەشەپێدانی کۆمەڵگادا، و هەروەها پێشکەوتنەکانی سیستەمی کتێبخانەی ئەلیکترۆنی زانکۆی کۆمار.
ئامانجی لەم بۆنەیە ناساندنی ڕۆژی جیهانی کتێبخانە و تیشک خستنە سەر کتێبخانەی گشتی سلێمانی لەگەڵ کتێبخانەی بازرگانی و ئەهلیەکانی شاری سلێمانی بوو. هەروەها ئەم چالاکییە وەک دەرفەتێک بوو بۆ هاوبەشی پێکردنی چیرۆکی پشت دروستکردن و پەرەپێدانی کتێبخانەی زانکۆی کۆمار و سیستەمی دیجیتاڵی داهێنەرانەی زانکۆکە.
لە پانێڵەکەدا هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر هێمن کەریم و کاک ئالان ڕەئوف، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی و دکتۆر عوسمان شەریف، سەرۆک بەشی زانستی کۆمپیوتەر بەشدار بوون. لە میانی بۆنەکەدا هەر یەک لە پانێلیستەکان باسیان لە کتێبخانە جیهانییەکان و گرنگییەکانیان کرد؛ بەڕێز ئالان ڕەئوف، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی، کە جەختی لە بەهای خوێندنەوە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی کتێبخانەکان کردەوە؛ و دکتۆر عوسمان شەریف، باسی لە ڕەوتی کار و پرۆسەی پەرەپێدانی سیستەمی کتێبخانەی KUST و پلاتفۆرمی سەرچاوە ئەلیکترۆنییە کارامەکانی پێشکەش کرد.














