زانکۆی سلێمانی مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ پرۆفیسۆر د. صلاح الدین سەعید عەلی ڕێکخست
بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت لە زانکۆی سلێمانی مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر ضلاح الدین سەعید عەلی ڕێکخست لە پای خزمەتی چەند ساڵەی لە کەرتی خوێندنی باڵادا.
مەراسیمەکە بە وتاری پێشوازی دەستی پێکرد لەلایەن دکتۆر دیڤان عوسمان، سەرۆکی بەشی زانستەکانی زاوی و نەوت کە تێیدا تیشکی خستە سەر خۆبەخشی و لێنەبڕاوی دکتۆر صڵاح و سەرکردایەتی ئەکادیمی و کاریگەریی بەردەوامی لەسەر خوێندکاران و هاوکارانی لە ماوەی کارکردنی وەک مامۆستا و ڕاگری بەش و سەرۆکی زانکۆ.
دوابەدوای وتەی بەڕێزیان ڤیدیۆیەکی بەڵگەنامەیی پێشکەشکرا، کە تێیدا قۆناغە سەرەکییەکانی پێشینەی ئەکادیمی و پیشەیی دکتۆر صلاح نمایش کرا لە دەیان ساڵەی خزمەتکردنی ئەکادیمی و کارگێڕیدا.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر صڵاح وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە قۆناغەکانی کاری خۆی کرد لەگەڵ ئەو ڕۆڵە جیاوازانەی کە بە درێژایی ژیانی پیشەیی خۆی هەیبووە. لە وتەکەیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەربڕی کە بەردەوام پشتگیریان کردوە و جەختی لەوە کردەوە کە دەستکەوتەکانی لە ئەنجامی کاری تیمی و ڕاهێنەرایەتی و هاوکاری بووە نەک تەنها هەوڵی تاکەکەسی.
لە میانی ئەم بۆنەیەدا هاوکارەکانی دکتۆر صلاح بە چەند وتەیەکی کورت ڕێزی خۆیان بۆ بەڕێزیان نیشانداو باسیان لە کاریگەری ئەرێنی کرد، لەوانە دکتۆر دارا فایەق لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت، هەروەها دکتۆر فوئاد کە باسی لە یادگاریەکانی خۆیان کرد لە ساڵانی پێکەوە کارکردنیان.
هەروەها لە مەراسیمەکەدا وتارێکی سەرەکی لەلایەن دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پێشکەشکرا، کە دەستخۆشی لە کاریگەری و هەوڵ و ماندوبوونی دکتۆر صڵاح کرد بۆ کۆمەڵگەی ئەکادیمی و خزمەتەکانی بۆ کۆمەڵگا.
هەر لە مەراسیمەکەدا وتارێک لە لایەن بەڕێز دکتۆر کەمال پێشکەشکرا، کە تیشکی خستە سەر دەستپاکی و کاریگەری پیشەیی دکتۆر صڵاح لەناو بواری ئەکادیمیدا کرد.
چالاکییەکە بە پێشکەش کردنی تابلۆی پێزانین و دەستە گوڵ لەلایەن بەشی زانستەکانی نەوت و زەوی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی کۆمار و قایمقامی سلێمانی و کۆمەڵەی جیۆلۆجی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر و ئەندامانی بنەماڵەکەی کۆتایی هات.


















