زانکۆی کۆمار سیمپۆزیۆمی ڕۆژی زەوی ئەنجامدا بۆ بەرکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی
لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سیمپۆزیۆمێکی ڕۆژی زەوی سازکرد کە تیایدا تیشک خرایە سەر گەشەپێدانی بەردەوامیی و پاراستنی ژینگە و ڕۆڵی تاکەکان لە پاراستنی سامانە سروشتییەکان.
ئەم چالاکییە لەلایەن دکتۆر نۆئێل تۆماس سەرۆکی بەشی زانستی بایۆمێدیکاڵ پێشکەش کرا و بەڕێوەچوو. لە سەرەتای چالاکیەکەدا دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆ، وتاری دەستپێکی پێشکەش کرد، و تێیدا جەختی لە گرنگی هەوڵی بەکۆمەڵ لە پاراستنی ژینگەدا کردەوە.
دکتۆر توانا عبدالرزاق، پەرپرسی یەکەی دڵنیایی جۆری بەدوایدا وتارێکی سەبارەت بە گەشەپێدانی بەردەوام پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی هاوبەش کردەوە کە هەر کەسێک لە پاراستنی سەرچاوەکانی زەویدا بۆ نەوەکانی داهاتوو هەڵیگرتووە.
پاشان پانێڵێک سازکرا کە لەلایەن دکتۆر نوئێلەوە بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک پسپۆڕی جیاوازی بوارەکە تێیدا بەشدار بوون. د.ئەحمەد غەنی، مامۆستا لە زانکۆی کۆمار، باسی لە بەکارهێنانی کەرەستەی بەردەوام لە بواری بیناسازیدا کرد و دکتۆر ویسام ئەل مادهون، دامەزرێنەری GAoS، تیشکی خستە سەر زیادبوونی کاریگەرییەکانی کارەساتە سروشتییەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر بە فیڕۆچوونی سەرچاوەکان. دوابەدوای ئەمە بەڕێز مامۆستا سەرمەد لەتیف توێژەری پێشکەوتوو لە بەشی ئەندازیاری شارستانی باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئاو لە پاراستنی ژینگەیەکی تەندروست کرد.
سیمپۆزیۆمەکە ڕەنگدانەوەی لێبڕاوی زانکۆی کۆمار بوو بۆ پەروەردەی ژینگەیی و ئەرکی بەرپرسیارانە بە کردار لەناو هەردوو کۆمەڵگەی ئەکادیمی و خەڵکی گشتیدا.