یەکەی ڕاوێژکاری دەروونی زانکۆی کۆمار سیمپۆزیۆمێک لەسەر بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و داهاتووی مرۆڤایەتی ئەنجامدا
دوای دیداری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ زانکۆکان لە ٢٦ی شوبات بۆ تاوتوێکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، یەکەی ڕاوێژکاری دەروونی زانکۆی کۆمار سیمپۆزیۆمێکی بەناونیشانی “بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و داهاتووی مرۆڤایەتی ئەنجام دا. ئامانج لەم سیمپۆزیۆمە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بوو لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا.
سیمپۆزیۆمەکە بە سیمینارێک لەلایەن دکتۆر سامان ئەنوەر سەرۆکی سەنتەری تەندروستی دەروونی ژیانەوە دەستیپێکرد سەبارەت بە جۆرە جیاوازەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەریەکانیان لەسەر بەکارهێنەران. دوای ئەم سیمینارە، خاتوو فرمێسک جاف، شارەزا لە دەروونناسی کلینیکی، بابەتێکی پێشکەشکرد لەسەر جۆرە جیاوازەکانی چارەسەری دەروونی.
دوابەدوای سیمینارەکە، پانێڵێک بەڕێوەچوو، بە سەرپەرشتی دکتۆر شەهلا عەلی لە یەکەی ڕاوێژکاری دەروونی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا. گفتوگۆکان لە دەوری کاریگەرییە یاسایی و دەروونی و تەندروستییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بوو. لە پانێڵەکەدا، جگە لە کاریگەرییە دەروونی و تەندروستییەکان، خاتوو ژیان جەلال، پسپۆڕی بواری یاسای گشتی، ڕۆشنایی خستە سەر دەرەنجامە یاساییەکانی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.
سیمپۆزیۆمەکە بە گفتوگۆی نێوان پانێڵستەکان و بەشداربووان کۆتایی هات و ڕێگەی خۆشکرد بۆ گفتوگۆی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە هاوشێوانەی کە کۆمەڵگا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.