زانکۆی کۆمار ئێوارەخوانێکی بۆ سەرجەم فێرخوازانی پێشوی ڕێکخست
لە ٩ی ئایاری ٢٠٢٤، لە ئێوارەخوانێکدا زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا میوانداری فێرخوازانی پێشووی کرد و بۆنەیەکی تایبەتی بۆ سەرجەم دەرچوانی بەشەکانی ڕێکخست. سەرەتای بۆنەکە بە وتەیەکی بەخێرهاتن لە لایەن بەڕێز مامۆستا ڕەنجدەر سەعید، ڕێکخەری سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی، دەستی پێکرد. پاشان پرۆفیسۆر د.کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری فێرخوازان و ئەکادیمی، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە پەرەسەندنی زانکۆی کۆمار کرد لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ڕۆژی ئێستای.
هەروەها لەم بۆنەیەدا هەریەک لە فێرخوازانی پێشووی سەرکەوتوو، خاتوو سەهەند سالار و خاتوو پاوان نەهرۆ وتارێکیان پێشکەشکرد. هەر یەک لە بەڕێزان باسیان لە ڕۆڵی سەرەکی زانکۆ کرد لە گەشەسەندنی پیشەیی خۆیاندا و هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ زانکۆ کە تا ئێستاش کاریگەریەکی بەردەوامی هەیە لەسەر ژیانی پیشەییان.
ئەم بۆنەیە دەرفەتێک بوو بۆ دەرچوانی زانکۆی کۆمار کە دووبارە تۆڕی پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەن و باس لە ئەزموونی کار و پیشەی خۆیان بکەن. لەگەڵ ژەمێکی ئێوارەدا چەند خوێندکارێکی بەتوانای ئێستای زانکۆ کەشێکی هونەری خۆشیان بۆ ئامادەبوان خولقاند بە پێشکەشکردنی چەند پارچە موزیک و گۆرانیەک.