زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا ئاهەنگی هەشتەمین خولی دەرچووانی گێڕا
ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا مەراسیمی هەشتەمین خولی دەرچوانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ سازکرد. لەم خولەی دەرچوواندا ٤٥٩ فێرخواز لە ١١ بەشی جیاواز دەرچوون. ئەمەش بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەو بەشانە و زانکۆکە بە گشتی کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی بواری ئەکادیمیا لە کوردستان.
لە مەراسیمەکەدا نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د.ئامانج عبدللە سعید و پارێزگاری سلێمانی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، و سەرۆکی زانکۆکان و ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و خاوەن و خێزان و دۆستانی دەرچووان ئامادەیبوون.
سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. دوابەدوای ئەمەش پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاحەدین سەعید علی سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا وتاری دەستپێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە دەرچوان کرد و هەروەها تیشکی خستە سەر هەندێک لەو دەسکەوتە گرنگانەی کە زانکۆکە بەدەستی هێناوە. دوابەدوای وتارەکەی دکتۆر سەڵاح، دکتۆر ئامانج، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و هەروەها تیشکی خستە سەر هەندێک لەو کارە گرنگانەی کە زانکۆکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داوە. هەروەها پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و هیوای داهاتوویەکی پرشنگداری بۆ خواستن. هەر لە میانی وتارەکەیدا دکتۆر ئامانج ستایشی زانکۆی کۆماری کرد بۆ دەستکەوتە گەورەکانی لەڕووی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و بەشداریی گرنگی زانکۆ لە پێشخستنی وڵاتدا.
هەروەها بەڕێز خاتو ڕۆز رزگار حەمە سەعید، دەرچووی بەشی پزیشکی دەرمانسازی و یەکەمی زانکۆ لەسەر ئاستی هەموو بەشەکان، وتارێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی پێشکەش کرد و باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لە زانکۆ و تیشکی خستە سەر گرنگی کاری جدی بۆ هاوڕێ و هاوپۆلەکانی. دوابەدوای وتارەکەی، پرۆفیسۆر د.کاوس عەزیز فەرەج، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان سوێندی دەرچوانی خوێندەوە و پاشان دەرچوان بڕوانامەکانیان وەرگرت. پاشان دەرچووان بە جۆش و خرۆشەوە شەوەکەیان بە خۆشی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان بەڕیکرد.