یادی ڕۆژی زانکۆی کۆمار بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهات
ڕۆژی زانکۆی کۆمار بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهات کە لە چەند چالاکیەکی زانستی و کلتوری و فەرهەنگیدا خۆی بینیەوە.
سەرەتای چالاکییەکە بە وتاری دەستپێکی پرۆفیسۆر د. سەڵاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا دەستیپێکرد، کە تێیدا جەختی لە گرنگی داهێنان و پەروەردە کردوە لە دروستکردنی نەخشەڕێگای داهاتوودا. هەروەها بەڕێزیان باسیان لە پێشکەوتنەکانی زانکۆی کۆمار کرد لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئەمڕۆ. پاشان د.توانا نەجەف، نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی زانکۆی کۆمار لە پێشخستنی ئاستی ئەکادیمی لە کوردستان. هەروەها دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە پێشکەوتنی زانکۆی کۆمار کرد و شانازی بە خوێندکاران و زانکۆ کرد بۆ بەشداری چالاکیان و پێشخستنی کۆمەڵگا بەگشتی.
دوا بە دوای وتارەکان، پێشانگاکانی پڕۆژەی فێرخوازان بە فەرمی دەستیپێکرد، کە خاوەن کۆمەڵێک بیرۆکەی داهێنەرانە بوو لە سەرانسەری بوارە جیاوازەکاندا. لەم چالاکییەدا زیاتر لە ٧٠٠ فێرخواز بە زیاتر لە ١٦٠ پڕۆژە لە بەشە جیاوازەکانی زانکۆی کۆمار بەشدارییان کرد. ئام یادە تا ئێوارە بەردەوام بوو، بەو پێیەی زیاتر لە ٨٠٠٠ ئامادەبوو سەردانی زانکۆیان کرد و چێژیان لە پڕۆژەی فێرخوازان چالاکیەکانی تری ڕۆژەکە بینی. هەر لە ئێوارەدا، ئەندامانی یانەی فێرخوازان بە چەند گۆرانیەکی سەرنجڕاکێش کەشەکەیان خۆش کرد و دواتر دوو کۆنسێرتی تر لە لایەن هەردوو هونەرمەندان مەزهەر ناسیح و غەزەل مستەفا پێشکەش کران.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی چالاکییەکە و لە کۆتایی ئێوارەکەدا براوەی پڕۆژەکانی فێرخوازان بۆ ٥ جۆر چالاکی جیاواز ڕاگەیەندرا لە بوارەکانی پزیشکی، ئەندازیاری و بازرگانی و تەرفیهی. پاشان فێرخوازەکان خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.