سەرۆکی بەشی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی کۆمار دکتۆر ئاکۆ ڕەشید حەمە کاندیدکرا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ لیژنەی ئامادەکاری نیشتمانی بومەلەرزە
لە پێشهاتێکی بەرچاودا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئاکۆ ڕەشید حەمە سەرۆکی بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی عێراق – کۆمسیۆنی ڕاوێژکاری لە بەغداد کاندید کراوە. کاندیدکردنی دکتۆر ئاکۆ ئەنجامی شارەزایی و بەشدارییە ئەکادیمییەکانی ڕابردوویەتی لە کایەی زانستی و ئەکادیمیدا. ناوبراو وەک یەکێک لە تەنها ١٥ ئەندامی ڕاوێژکار لە سەرانسەری وڵاتدا هەڵبژێردرا بۆ هاوکاریکردن لە ئامادەکردنی پلانێکی تۆکمەی نیشتمانیی فریاگوزاری بۆ چارەسەرکردن و مامەڵە کردن لەگەڵ چالاکییە بومەلەرزەییەکان لە سەرانسەری عێراقدا.
ڕۆڵی دکتۆر ئاکۆ تەنها ئەوندە نیە، بەڵکو کار دەکات بۆ پەرەپێدان و نوێکردنەوەی کۆدە ستانداردە عێراقییەکان بۆ بیناسازی، بەتایبەتی گرنگیدان بە بینای نیشتەجێبوونی حکومی و تایبەت. دەستبەکاربوونی بەڕێزیان لەم ئەرکە تیشک دەخاتە سەر ناوەڕۆک و هەوڵی زانکۆی کۆمار لەو بوارەدا. لەم ئەرکەیدا دکتۆر ئاکۆ نوێنەرایەتی هەریەک لە زانکۆی کۆمار و شاری سلێمانی دەکات.
ئەم دانپێدانانە دوای بەشداری چالاکانەی دکتۆر ئاکۆ دێت لە سیمپۆزیۆمێکی نیشتمانی دووڕۆژە لەسەر بوومەلەرزە بەناونیشانی ” بڕگەکانی دیزاینی بومەلەرزەیی بەپێی کۆدی بومەلەرزەی عێراقی-ISC2017″ کە لەلایەن زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە ١٠ و ١١ی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو.