سەنتەری پرۆگرامەکانی ئینگلیزی (CIEP) یەکەم چالاکیی بەهارەی خۆیان ئەنجامدا
لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ سەنتەری پرۆگرامەکانی ئینگلیزی (CIEP) لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا یەکەم چالاکیی وەرزی بەهاری خۆی لە ژێر ناوی ‘هێزی خۆپەروەردەکردن’ ئەنجامدا. ئامانجی چالاکییەکە هۆشیارکردنەوەی فێرخوازان بوو لە هێز و ڕۆڵی خۆیان لە خودپەروەردەکردن بە تایبەت لە جیهانێکدا کە دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆجیای نوێ و ئامرازەکانی فێربوون زیاتر لە جاران فەراهەمن هەم بۆ خوێندکاران و هەم مامۆستایان. چالاکییەکە سێ سیمینار و یەک پانێڵ کە لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایان و دەرچوانی زانکۆی کۆمار پێشکەش کران لەخۆگرتبوو. سیمینارەکان کۆمەڵێک بابەتی جیاوازیان گرتەوە لەوانە “خوێندکار-سەنتەری بۆ خوێندکاران” کە لەلایەن بەڕێز مامۆستا ئارام نامدار پێشکەشکرا، “خوێندکاران لەبەردەم هەڵخەڵەتاندنی میدیا” کە لەلایەن بەڕێز مامۆستا زامۆ عەلی پێشکەشکرا و ‘شێوازی ژیانی تەندروست و خۆپەروەردەکردن’ کە لەلایەن بەڕێز مامۆستا بڕوا عوسمانەوە پێشکەشکرا. چالاکییەکە بە گفتوگۆ و هاوبەشکردنی بیرۆکە لەلایەن هەردوولا لە فێرخوازان و مامۆستایانەوە کۆتایی هات و ڕێگەی خۆشکرد بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە ڕۆڵی خوێندکاران لە پرۆسەی پەروەردەدا.