زانکۆی کۆمار لە بۆنەیەکدا چەند پڕۆژەیەکی تەکنۆلۆجی نمایش کرد و بڕوانامەی بەخشیە منداڵانی بەشدار لە کۆرسی پڕۆگرامینگ
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٤، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، چالاکییەکی بەناونیشانی ڕۆژی پڕۆژەی زانستی کۆمپیوتەر و ئەندازیاری کۆمپیوتەر ئەنجامدا. ئەم چالاکییە سەکۆیەکی گرنگ بوو بۆ فێرخوازان بۆ نمایشکردنی پڕۆژەکانیان لە بواری تەکنەلۆجیا کە هەردوو لایەنی سۆفتوێر و هاردوێری لە خۆ گرت. لە میانی چالاکییەکەدا، خوێندکاران کارەکانیان پێشکەش کرد و بۆ هاوپۆل و مامۆستایان، و میوانەکانیان ڕوون کردەوە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم بۆنەیەدا، لە بۆنەیەکی دیکەدا لە ژێر ناونیشانی پڕۆگرامسازانی داهاتوودا، ئەو منداڵانەی کە بەشداربوون لە خولێکی تایبەتمەندی ١٤ هەفتەیی لە بواری کۆدکردندا، کە تێیدا لە ژینگەیەکی خۆش و کارلێککەردا فێری لایەنە جیاوازەکانی پرۆگرام کردن کران لە لایەن مامۆستایان و فێرخوازانی خۆبەخشی زانکۆ، بڕوانامەی بەشداریکردنیان پێبەخشرا. بەشداری کردنی ئەم منداڵانە لەم کۆرسەدا، هێمای گرنگی دانی زانکۆی کۆمارە بە دروستکردنی سەرکردەی داهاتوو لە بواری تەکنەلۆجیدا.