زانکۆی کۆمار و زانکۆی زەرقای ئوردونی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن
لە هەنگاوێکدا بۆ زیاتر پەرەپێدانی کاری هاوبەشی ئەکادیمی و لە میانی کۆبوونەوەی خوێندنی باڵای ئوردن و کوردستان کە لە ٥ی ئایاری ٢٠٢٤ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو ، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و زانکۆی زەرقای ئوردونی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. واژۆکردنی ئەم یاداشت نامەیە بە ئامادە بوونی دکتۆر ئەحمەد غەنی بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کۆمار بەڕێوە چوو. ئەم یاداشتنامەیە ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی زانکۆی کۆمار بە بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان هەردوو دامەزراوەکەدا.
یاداشتنامەکە چوارچێوەیەکە بۆ دەستپێشخەری هاوبەش لە نێوان زانکۆی کۆمار و زانکۆی زەرقا. ئەم هاوبەشییە توێژینەوە و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان لە سەرانسەری بوارە جیاوازەکاندا لەخۆدەگرێت. ئامانجی هاوبەشییەکە داهێنان و بەرەوپێشبردنی تێگەیشتنی کولتووری و هاندانی گەشەسەندنی ئابووری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و ئوردن.