زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا میوانداری سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تەکنەلۆجیای مۆدێرن لە پیشەسازی نەوت و گاز دەکات
ڕۆژی ٦ و ٧ی ئازاری ٢٠٢٤ زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی تەکنەلۆجیی عێراق و زانکۆی ئەل موستەقبەل و کۆمپانیای پاڵاوگەکانی ناوەڕاست، بە سەرکەوتوویی میوانداری سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیای مۆدێرن لە پیشەسازییەکانی نەوت و گازدا کرد. هەر لەم بۆنەیەدا کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، چەندین پسپۆڕی بواری نەوت و گاز لە کەمپی زانکۆی کۆمار کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی تواناکانی تەکنۆلۆجیای سەردەم لەم پیشەسازیانەدا.
کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی دكتۆر ئامانج عبداللە سعید، ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە وتارێکی دەستپێک لە لایەن پرۆفیسۆر د. سەلاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا دەستیپێکرد، کە زەمینەی بۆ بۆنەیەکی دوو ڕۆژەی پڕ لە گفتوگۆی زانستی و ئەکادیمی ڕەخساند. دوابەدوای وتەی دەسپێک، پڕۆفیسۆر د. ئەحمەد محەمەد حەسەن ئەلغەبان، سەرۆکی زانکۆی تەکنەلۆجی-عێراق، وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا جەختی لە گرنگی ئەم جۆرە چالاکیە زانستیانە کردەوە بۆ کۆمەڵگەی ئەکادیمی بە گشتی. هەروەها سوپاس و پێزانین و سەرسامی قووڵی خۆی بۆ تواناکانی زانکۆی کۆمار بۆ میوانداریکردنی ئەم بۆنانە دەربڕی.
دواتر دکتۆر ئەزهەر موحسین عابد هەمزە نوێنەری پڕۆفیسۆر دکتۆر حەسەن شاکر ماجدی سەرۆکی زانکۆی ئەل موستەقبەل وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا باسی لە ڕۆڵ و گرنگی ئەم جۆرە هاوبەشییانە و کاری تیمی کرد. هەروەها پڕۆفیسۆر دکتۆر خالید عەجمی سوکەر، سەرۆک بەشی ئەندازیاری کیمیایی لە زانکۆی تەکنەلۆجیی عێراق، وتارێکی پێشکەش کرد و پێزانین و سەرسامی خۆی بۆ تیمی زانکۆی کۆمار دەربڕی لە بەدیهێنانی کۆنفرانسەکە.
دوابەدوای وتارەکان، مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکە بەردەوام بوو بە پێشکەشکردنی بابەتێک لە لایەن د. ئەحمەد غەنی بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا. دکتۆر غەنی باسی لە پرۆسە ئەکادیمییەکانی لە زانکۆی کۆمار کرد و ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیانەی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردنەوە کە زانکۆکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا بەدەستی هێناوە.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا چەند قسەکەرێکی سەرەکی دیار بەشدار بوون کە بریتی بوون لە پڕۆفیسۆر دکتۆر حوسێن ئەلقەییم لە مالیزیا، پرۆفیسۆر دکتۆر مەهدی حاجی محەمەدی، لە زانکۆی خاریزمی – ئێران، پڕۆفیسۆر دکتۆر ڕۆبەرت ئەمین لە زانکۆی ئیدیس کۆهان لە ئوسترالیا. هەریەک لە بەڕێزان چەند بابەتێکی سەرنجڕاکێشیان پێشکەش کرد و تێڕامانی خۆیان لەسەر تەکنەلۆجیاکانی ئێستا و ڕەوتە نوێیەکانی ناو پیشەسازی نەوت و گاز پێشکەش کرد.
سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە بەڵگەیە لەسەر لێبڕاوی بەردەوامی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بۆ کۆمەڵگەی ئەکادیمی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی زانست و تەکنەلۆجیا بۆ زیاتر پێشخستنی پیشەسازی نەوت و گاز. هەروەها زانکۆی خاریزمی و کۆلێجی زانکۆیی کوت و زانکۆی تەبرێز و نوسینگەی ڕاوێژکاری زانستی و ئەندازیاری بە سپۆنسەرکردنی چالاکییەکە و پێدانی زانیاریی گرنگ ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆنفرانسەکەدا بینی.