زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا براوەی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی فۆتۆی ڕاگەیاند
ڕۆژی 12ی ئازاری 2024، بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا مەراسیمی ڕاگەیاندنی براوەکانی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی فۆتۆی ئەنجامدا. مەراسیمەکە بە وتەیەک لەلایەن دکتۆر سەلاحەدین سەعید عەلی، سەرۆکی زانکۆوە دەستیپێکرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان کولتوورە جیاوازەکان و پەرەپێدانی لێهاتووییە جیاوازەکان. دوابەدوای وتەی بەڕێزیان، ڕامین مستەفا، پێشبڕکێکار و خوێندکاری زانکۆی کۆمار، وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا جەختی لە بەهای بەشداریکردنی فێرخوازان لەم بۆنانەدا کردەوە بۆ گەشەی کەسی و پیشەیی.
لەم پێشبڕکێیەدا ٢٠٠ فۆتۆ لە لایەن فۆتۆگرافەرانی ٧ وڵاتی جیاوازەوە نێردرابوون، لە کۆی هەموو فۆتۆکان، تەنها ٥٥ دانەیان چوونە قۆناغی پێش کۆتایی و لەوانیش لە دوای ئەوەی کە مامۆستایان و کارمەندان و فێرخوازان دەنگیان لەسەر فۆتۆکان دا، ١٠ فۆتۆ بوونە خاوەنی خەڵاتی پێشبڕکێکە و لە لایەن سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی پێزانینیان پێبەخشرا.
لە ڕێگای ئەم جۆرە چالاکییەوە، زانکۆی کۆمار بووە پلاتفۆرمێک بۆ زمان و کلتورە جیاوازەکان کە هەموو لەم بۆنەیەدا بە زمانی فۆتۆگرافی قسەیان دەکرد.