حکومەتی عێراق دوو مامۆستای زانکۆی کۆمار بۆ لیژنەی نوێکردنەوەی کۆدی بیناسازی عێراق دەستنیشان کرد
زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنێت کە هەردوو مامۆستا بەڕێز دکتۆر ئاکۆ ڕەشید و د. سەردەشت والی بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لە داڕشتنی ستانداردەکانی بیناسازی لە عێراق.
ڕۆژی ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، دکتۆر ئاکۆ ڕەشد و د. سەردەشت والی، مامۆستا لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشدارییان لە سێیەمین کۆبوونەوەی پڕۆژەی نوێکردنەوەی کۆدی بیناسازی عێراقی کرد، کە لە بەشی ڕاوێژکاری بەڕێوەچوو. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی فەرمی بۆ پڕۆژەکە پەسەند کرا، هەروەها هەردوو دکتۆر ئاکۆ ڕەشید و د. سەردەشت والی وەک ئەندامی لیژنە دەستنیشان کران.
ئەرکی سەرەکی لیژنەکە بریتییە لە پێداچوونەوەی وردی یاساکانی ئێستای بیناسازی عێراق و پێشنیارکردنی نوێکارییەکان کە لەگەڵ ستاندارد و پراکتیکی هاوچەرخدا بگونجێت. بڕیارە کۆدە نوێکراوەکان بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢٥ پێشنیار بکرێن. ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو دڵنیابوون لە پراکتیکەکانی بیناسازی سەلامەت و بەردەوامتر و مۆدێرنتر لە سەرانسەری عێراق.
جگە لەوەش لیژنەکە بڕیاریداوە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ کۆبوونەوەی داهاتووی خۆی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا ئەنجام بدات، ئەم بڕیارەش گوزارشت لە ناوبانگی زانکۆی کۆمار دەکات وەک ناوەندێک بۆ داهێنان و بەرزی ئاستی ئەکادیمی.