پەیمانگای پەرەپێدانی پیشەیی بۆنەیەکی ئەکادیمی بۆ فێرخوازانی ئەنجام دەدات
ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، پەیمانگای پەرەپێدانیی پیشەیی زانکۆی کۆمار، بۆنەیەکی ئەکادیمی و تەرفیهی بۆ فێرخوازەکانی ئەنجامدا. چالاکییەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتبوو، بەشێکیان چالاکیی پەروەردەیی و ئەکادیمی و ئەوی دیکەیان چەند چالاکییەکی کات بەسەربردنی لە خۆ گرتبوو. لە میانی ئەم چالاکیەدا یەکەکانی ژمێریاری و OSAR و سەرچاوە مرۆییەکان تێڕوانینێکی گشتییان لە ڕۆڵی بەشەکانی خۆیان لە زانکۆکەدا بە خوێندکاران بەخشی و باسیان لە ڕۆڵی هەر یەک لەو یەکانە کرد لە ناو زانکۆ. دواتر فێرخوازان کۆمەڵێک سیمیناریان پێشکەش کرد کە بابەتی جۆراوجۆریان لە خۆ گرتبوو.
دوابەدوای ئەمەش، چالاکیەکە پشوویەکی تێدابوو کە تێیدا فێرخوازانی بەهرەمەندی KPDI چەند پارچە مۆسیقایەکی جیاوازیان بۆ ئامادەبووان ژەنی کە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشیان بۆ ئامادەبوان دروستکرد.
لە پاشان دکتۆر شێرکۆ جەودەت سیمینارێکی لەسەر وەبەرهێنانی توانای مرۆیی پێشکەش کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر جیاوازی و بەهای زانکۆی کۆمار لە پەرەپێدانی کەسانی پیشەیی کە دەتوانن لە داهاتوودا خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن و بەشێک بن لە ئایندەیەکی پرشنگدار.
دواتر مامۆستا زامۆ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە سەنتەری زمانی ئینگلیزی، لەسەر بیرکردنەوەی فێرخواز لە زانکۆ بابەتێکی پێشکەش کرد کە تێیدا تەحەدای فێرخوازانی کرد کە بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان هەبێت و توانای خۆیان پەرەپێبدەن لە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و ژینگەی زانکۆدا.
چالاکیەکە بە پانێڵێک کۆتایی هات کە سێ فێرخوازی دەرچووی KDPI بەشداربوون کە باسیان لە ئەزموونەکانیان کرد و چارەسەری زیرەکانە و ڕەخنەگرانەیان خستەڕوو بۆ بەکارهێنانی ئەو توانایەی کە خولەکانی زمانی ئینگلیزی پەیمانگاکە پێشکەشی دەکەن.
لە پاشنیوەڕۆدا چالاکییەکی دیکە ئەنجامدرا کە بریتی بوو لە فرۆشتنی کەل و پەل بۆ کاری خێرخوازی و پێشانگە و وێنەگرتن لە بینای کۆلێجی ئەندازیاریی بەڕێوەچوو.