زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای ئیفاد کۆنفرانسێکی سێ ڕۆژی نێودەوڵەتی ئەنجامدا
لە ڕۆژانی 17، 18، 19ی ئەیلوولی 2023 زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، بە هاوکاری ئەکادیمیای ئیفاد، کۆنفرانسێکی سێ ڕۆژەی نێودەوڵەتی لە ژێر ناوی “ ئاڵنگارییەکانی توێژینەوە و گۆڕانکارییە نوێیەکانی بواری زانستە کارپێکراو و مرۆییەکان” ئەنجامدا. ئامانجی کۆنفرانسەکە تیشک خستنە سەر ئەو ئاستەنگ و ئاڵانگارییانە بوو کە توێژەران لە قۆناغی نووسین و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لە ماوەی سێ ڕۆژدا، کۆنفرانسەکە زیاتر لە هەزار بەشداربووی هەبوو، کە بە هەردوو شێوازی ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ ئامادەی بوون.
هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا پرۆفیسۆر د. عەلی حسێن مەکی المعموری، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی محەمەد شیع ئەلسودانی، سەرۆکی زانکۆی کۆمار، پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاحەدین سەعید عەلی، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان پرۆفیسۆر د .کاوس عەزیز فەرەج، و توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە وڵات و زانکۆ جیاوازەکانەوە ئامادەیبوون.
کۆنفرانسەکە بە وتەیەک لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج، جێگری سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان دەستیپێکرد. دواتر، لە پاش وتەی سەرەکی ئامادەبوانی کۆنفرانسەکە، ئەو توێژینەوەیانەی پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرابوون، دابەشکران بەسەر ٧ دانیشتندا، کە بە درێژایی سێ ڕۆژی کۆنفڕانسەکە پێشکەش کران. دوای کۆتاییهاتنی سێیەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە، توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی گەشتێکیان بە ناو شاری سلێمانی کرد تا لە نزیکەوە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی سلێمانی ببینن.