زانکۆی کۆمار گفتوگۆیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگەی عێراق ئەنجامدا
ڕۆژی 28ی ئابی 2023، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا گفتوگۆیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی سەرچاوەکانی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی عێراق ئەنجامدا. دیالۆگەکە بە هاوکاری سەنتەری دیالۆگی مرۆیی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزیری سامانە ئاوییەکانی حکومەتی فیدراڵی، بەڕێز عەون ضیاب و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، و پارێزگاری سلێمانی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەنجامدرا. هەروەها لە چالاکییەکەدا مامۆستایانی زانکۆ و بەرپرسانی حکومی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.
لە میانی چالاکییەکەدا د.سەلاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا وتاری دەستپێکی خۆی پێشکەشکرد، دواتر هەریەک لە بەڕێز حاتم حمید حسێن نوێنەری وەزارەتی سامانە ئاویەکانی عێراق و بەڕێز ڕزگار حەمەد خدر، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، و خاتوو ڕوبا غەیدون لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی، جنێڤ، سویسرا وتاری خۆیان پێشکەش کرد.
دوابەدوای ئەو وتارانە دوو بابەت لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر نضیر ئەنساری مامۆستا لە زانکۆی لیلیا بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە سوید و پرۆفیسۆر دکتۆر زۆران ستیڤانۆڤێچ مامۆستا لە زانکۆی بەلگراد پێشکەشکرا. سەرنجی هەریەک لە بابەتەکان لەسەر کەمی ئاو و بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی بوو.
دوا بەدوای ئەم بابەتانە، پانێڵێکی کراوە بەڕێوەچوو کە تیایدا پانێڵستەکان و ئامادەبووان باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو لە عێراق کرد کە پێشنیاری چارەسەریان بۆ ئەو بەرپرسە حکومیانە کرد کە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد.