زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سیمینارێکی لەسەر ئەنفال ساز کرد
ڕۆژی چوارشەممە بەرواری ١٩-٤-٢٠٢٣ زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سیمینارێکی بۆ توێژەرى بوارى ئەنفال و ئەنفالناسیی لە ژێر ناونیشانی “زەمەنی بەعس و زمانی بەڵگەنامەکان” بەڕێز عومەر محەمەد قادر سازکرد. لەم سیمینارەدا، توێژەر، پشتبەست بە کۆمەڵێک بەڵگەى جۆراوجۆرى پشتڕاستکراوە کە خۆى دەستیخستوون، دەربارەى جینۆساید و کارەساتى ئەنفال، قسەی کرد. لەو بەڵگانەشدا، توێژەر تەنیا پشتی بە تۆمارە نووسراوەکانى بەعس نەبەستووە، بەڵکو ‘قسە و وێنە’ی ئەو کەسانەشی وەک بەڵگە خستەڕوو کە بەر زەبری ئەنفال کەوتوون. بەگشتی، سیمینارەکە باسی لە سێ تەوەری سەرەکیی کرد کە بریتیی بوون لە دەستپێکی ئەنفال و ڕاگواستن و ئۆپەراسیونە سەربازییەکان و بەڵگەنامە و تۆمارەکانی حزبی بەعس دەربارەی ئەنفال و هەڵەبجە و خستنەڕووی بەڵگەنامە و ئارگۆمێنت لەو بارەوە و هەروەها لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تاوانی ئەنفال. سیمینارەکە بە پرسیار و گفتوگۆی ئامادەبوان کۆتایی هات کە تێیدا جەختییان لەسەر گرنگی ئەم جۆرە چالاکیانە کردەوە بۆ پاراستنی بەڵگەیە یان بەبەڵگەکردنی تاوان بۆ هەر نەتەوە و کۆمەڵگەیەک لە پرۆژەی دروستکردنی یادەوەری و دادپەروەرییدا تا سودیان لێ ببینێ.