مامۆستایەکی زانکۆی کۆمار لەلایەن ئەکادیمیای زانستیی نیشتمانیی ئەمریکاوە بانگهێشتکرا
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئاکۆ ڕەشید حەمە، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی شارستانیی لەلایەن ئەکادیمیای زانستیی نیشتمانیی ئەمریکاوە وەک پسپۆڕێک بانگهێشت کرا بۆ بەشداریکردن لە قۆناغێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئەمریکا-عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە. ئامانج لە دیالۆگەکان نزیک کردنەوەی زانا و ئەندازیارانی ئەمریکی و عێراقیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر توێژینەوەکانی ئێستا و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر ڕووبارەکان و بایۆدایڤێرسیتی و گەڕاندنەوەی شوێنی ڕووبارەکان و بوژانەوەی ڕووبارەکانی میزۆپۆتامیا. کۆبوونەوەکە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە ١٥-١٨ی مانگی یەک ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، کە تیایدا تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی کارنامەیەکی توێژینەوەی چەند ساڵە کە وەک بەڵگەنامەیەکی بنەڕەتی بۆ ڕێنماییکردنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەشەکانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەکاردێت لە کاتێکدا هەوڵدەدەن پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە توێژینەوە و زانکۆکانی عێراق لە ساڵانی داهاتوودا بەهێزتر بکەن. ئەم کارنامەیە بەشێوەیەکی ستراتیجی تیشک دەخاتە سەر زانست و تەکنەلۆجیا بۆ بوژاندنەوەی ڕووبارەکانی عێراق و شوێنەکانیان کە کارێکی لەپێشینەیە لە ناوخۆی عێراق و لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی فراوانتر.