فێرخوازێکی بەشی دەرمانسازیی زانکۆی کۆمار دوو کتێبی پزیشکیی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەڕیتانیا وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی
هەژان قادر قوتابی بەشی دەرمانسازیی زانکۆی کۆمار لە ماوەکانی ڕابردوودا هەستاوە بە وەرگێڕانی دوو کتێبی گرنگ و پڕبایەخی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەڕیتانیا لەژێر ناونیشانی “خۆراک” و “دەرمان”دا. ئەم دوو پەرتووکە یەکێکن لە یەکەمین هەوڵەکانی پەیوەست بە وەرگێڕانی پزیشکی لەنێو کتێبخانەی کوردیدا، کە ئامانج لێی دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردییە لە بواری زانستە پەتییە جۆراوجۆرەکان بەگشتی و زانستی پزیشکی بە تایبەتی. هاوکات هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ئەو ڕاستییەی کە زمانی کوردی، وەک هەر زمانێکی دیکە زمانێکی دەوڵەمەندە بە زاراوەی پزیشکیی و زانستیی. کتێبی “دەرمان” لە دووتوێی ۲٨۲ لاپەڕەییدا و کتێبی “خۆراک” لە دووتوێی ۲۰۰ لاپەڕەییدا، کە باس لە ڕەهەندە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەرمان و خۆراک دەکەن. گرنگی ئەم کتێبانە تا ڕادەیەکی زۆر لەوەدا دەردەکەوێت کە تیشک دەخەنە سەر باسکردنی تیۆرەکان. واتە لە بری تەنها باسکردنی مێژووی پزیشکی و چۆنییەتی سەرهەڵدانی خودی زانستەکە، ئەم کتێبانە دێنە سەر باسکردنی چۆنییەتی کارکردنی دەرمانە فرەجۆرەکان لە لەشی ئادەمیزاددا و، ئاوڕدانەوە لەو هەنگاوە تەکنیکییە ئاڵۆزانەی کۆمپانیا جێبەجێکارەکانی بواری دەرمان دەیگرنە بەر بۆ پەرەپێدان و خستنەڕووی دەرمانێکی پزیشکیی نوێ. هاوتەریب لەگەڵ شیکردنەوەی کۆی ئەو پرس و گرفتە هەنووکەییانەی پەیوەستن بە بابەتی خۆراک و دەرمانەوە، چ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، یاخوا وڵاتانی ڕۆژهەڵات.