زانکۆی کۆمار یادی ٢٣٩ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی گێڕا
ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فێرخوازان و ستاف و مامۆستایانی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا کۆبوونەوە بۆ ئاهەنگ گێڕان بە میراتی دەوڵەمەندی کولتووری و مێژوویی شاری سلێمانی.
سەرەتای چالاکییەکە بە وتارێکی دەستپێکی پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری فێرخوازان و ئەکادیمی دەستیپێکرد، لە وتەکەیدا دکتۆر کاوس تیشکی خستە سەر هەندێک ڕووداو ی گرنگ و کەسایەتی کاریگەر کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر مێژوویەکی شکۆداریان بۆ شارەکە تۆمار کردووە.
هەر لە میانی ئەم بۆنەیەدا، بە دیدێکی ئەکادیمی دکتۆر هێمن کەریم، مامۆستا لە زانکۆی کۆمار، وتارێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد لە ژێر ناونیشانی “چەند پەیڤێک لەسەر سلێمانی”کە تێیدا باسی لە مێژووی هونەر و ئەدەب کرد لە شاری سلێمانی. وتەکانی بەڕێزیان چەند لایەنێکی جۆراوجۆری لە خۆ گرت کە بە تایبەت تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی هونەر و شیعر لە شارەکە، تێگەیشتنێکی قووڵتری بە ئامادەبووان دا لەسەر ڕەگ و ڕیشە کولتوورییەکان کە لە ئێستادا بوونەتە پێناسی شارەکە.
دوابەدوای ئەو وتارانە، چەند گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردی لە لایەن بەشێک لە فێرخوازە لێهاتووەکانی زانکۆی کۆمار بۆنەکەیان ڕازاندەوە و کەشێکی هونەری سەرنجڕاکێشیان بۆ ئامادەبووان دروست کرد.