زانکۆی کۆمار و هیوا فاوەندەیشن پانێڵێکی هاوبەشیان لەسەر پرسە ژینگەییەکان ئەنجامدا
ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2023، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، بە هاوبەشی لەگەڵ هیوا فاوەندەیشن، پانێڵێکیان بەناونیشانی “ئاڵانگارییەکانی سەردەمی ئێمە: پانێڵێک لەسەر پرسە ژینگەییەکان” ئەنجامدا. ئەم چالاکییە بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر و چالاکانی بواری ژینگە و نوێنەرانی حکومەت و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو. ئامانجی ئەم چالاکییە دوو لایەنە بوو، کە تێیدا چوار پانێڵست باسیان لە کێشەکانی پەیوەست بە ژینگە کرد و هەروەها تێیدا ترەیلەری پڕۆژەی “ئالانگارییەکانی سەردەمی ئێمە”، کە لەلایەن هیوا فاوەندەیشنەوە ئامادەکرابوو بۆ ئامادەبووان نمایشکرا.
سەرەتای چالاکییەکە بە وتارێکی پرۆفیسۆر د. سەڵاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا دەستیپێکرد و تیایدا جەختی لە گرنگی زیادکردنی هەوڵەکان کردەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ژینگە. دوابەدوای وتارەکەی دکتۆر سەڵاحەدین، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا هۆشداری دا لەهەندێک مەترسی گەورەی ژینگەیی کە ڕووبەڕووی دەبینەوە و هەروەها هەندێک لە دەستکەوتەکانی شاری سلێمانی ڕاگەیاند سەبارەت بە سیاسەت و چالاکیەکانی پاراستنی ژینگە. هەروەها خاتوو چرا ئەکرەم، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە هیوا فاوەندەیشن وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا باسی لە گرنگی و ئامانجی ئەم پڕۆژە هاوبەشە کرد کە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو خەڵکی کوردستان و حکومەتدا سەبارەت بەو کێشانەی کە ژینگەی کوردستان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
دوای کردنەوەی چالاکییەکە، ترەیلەری پڕۆژەکە بە ناوی ئالانگارییەکانی سەردەمی ئێمە بۆ ئامادەبوان نمایشکرا کرا کە بڕیارە دواتر لە ڕێگەی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە پەخش بکرێت.
چالاکییەکە بە گفتوگۆیەک لەسەر ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی ژینگە دەبێتەوە بەردەوام بوو. پانێڵەکە لەلایەن خاتوو هەژان خالید مامۆستای پەیمانگای تەکنیکی کوردستان بەڕێوەبرا و سێ پانێڵست بەشدارییان کرد کە بریتی بوون لە د. توانا عەبدولڕەزاق مامۆستا لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و دکتۆر ڕێژین هارون مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، و بەڕێز نەبیل موسا لێپرسراوی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق و کوردستان.
کۆتایی چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لە نێوان پانێڵستەکان و ئامادەبووان کۆتایی هات، کە بەشداربووانی چالاکییەکە باسیان لە کێشەکان دەکرد و بە پەرۆشەوە پێشنیاری چارەسەریان بۆ دەکرد.