زانکۆی کۆمار و زانکۆی تەکنەلۆجی عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد
ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2023 شاندێکی زانکۆی تەکنەلۆجی عێراق سەردانی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیایان کرد. شاندی زانکۆی تەکنەلۆجی عێراق پێکهاتبوون لە نوێنەری سەرۆکی زانکۆی تەکنەلۆجی، پرۆفیسۆر د. ئەحمەد محمد حەسەن ئەلغەبان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی، پرۆفیسۆر دکتۆر فەرهاد محمد عوسمان و بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پيیوەندییەکانی حکومەت، دکتۆر ساری تەحسین ڕیشان.
شاندەکە لەلایەن پ.د.سەڵاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پێشوازی لێکرا. لە دوای کۆبوونەوەیەک، هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. ئامانجی یاداشتنامەکە پەرەپێدانی هەمەئاهەنگی زانستی و ڕێگای نوێیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش و میکانیزمی کاریگەر بۆ باشترکردنی کوالیتی پەروەردە و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەت لە کەرتی خوێندنی باڵادا. لە یاداشتنامەکەدا هەردوو لا ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامدانی چالاکیی زانستیی هاوبەش و چالاکیی تایبەت بە فێرخوازان و پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش، و ئەنجامدانی وۆرک شۆپ بۆ مەبەستی ڕاهێنانی مامۆستایان.