زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا یاداشتنامەیەکی لەگەڵ سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی واژۆ کرد
ڕۆژی 12ی کانونی یەکەمی 2023، پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پێشوازی لە شاندێکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی-لقی سلێمانی کرد. شاندەکە بە سەرۆکایەتی بەڕێز کاک هاوژین عوسمان محەمەد بوو سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی. لە کۆبوونەوەکەیاندا هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد تا لە داهاتوو کاری هاوبەشیان هەبێت کە لە بەرامبەردا کارئاسانی بۆ کاری هاوبەشی هەردوولا دەکات سوودی بۆ هەریەک لە کارمەندانی تەندروستی سلێمانی و فێرخوازانی زانکۆی کۆمار دەبێت. ئامانج لەم یاداشتنامەیە ئەنجامدانی کاری هاوبەشی زانستی و ئەکادیمییە، کە ڕاهێنانی کارمەندان و دابینکردنی سکۆلەرشیپ بۆ کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی و فەراهەم کردنی یەکەکانی تەندروستیی بۆ فێرخوازانی زانکۆی کۆمار لە خۆ دەگرێت.
ئەو خاڵانەی لە ڕێککەوتنەکەدا خراونەتەڕوو، نەک تەنها دەرفەتی خوێندن بۆ کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی بەرز دەکەنەوە بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی.