زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پێشوازی فێرخوازانی نوێی کرد
لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا مەراسیمێکی پێشوازیکردنی ڕێکخست بۆ ئەو فێرخوازانەی کە تازە لە زانکۆی کۆمار وەرگیراون. سەرەتای مەراسیمەکە بە وتەیەک دەستی پێکرد لە لایەن هەریەک لە پرۆفیسۆر د.سەلاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆ و پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان. لە وتارەکانیاندا هەریەک لە بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ و جێگری سەرۆکی زانکۆ جەختیان لە گرنگی هەوڵدان و بەشداریکردن لە چالاکی ئەکادیمی کردەوە بۆ فێرخوازە تازە وەرگیراوەکان تا بتوانن بە سەرکەوتوویی لە ژینگەی زانکۆدا خۆیان بگونجێنن.
لە وتەیەکدا، بەڕێز مامۆستا بەمۆ نادر بەڕێوەبەری ئۆفیسی کاروباری فێرخوازان و تۆمار باسی لەو سیستەمە ئۆنلاینە جیاوازانە کرد کە لە ئێستادا لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی کۆمارەوە بەکاردێت. دوابەدوای ئەمە، د.کارزان عەزیز، بەڕێوەبەری سەنتەری زمانی ئینگلیزی بابەتێکی پێشکەشکرد کە تیایدا ئەو پرۆسانەی ڕوون کردەوە کە پێویستە فێرخوازان پێیدا تێپەڕن بۆ ئەوەی بتوانن بە سەرکەوتوویی بچنە ناو پرۆگرامە ئەکادیمییەکانیانەوە.
مەراسیمی پێشوازیکردنەکە بەردەوام بوو و سەرۆکی هەر یەک لە بەشە جیاوازەکانی زانکۆی کۆمار بەخێرهاتنی خوێندکارەکانیان کرد و چەند زانیارییەکی گرنیان بە فێرخوازانی نوێ سەبارەت بە بەشەکانیان پێشکەش کرد و مامۆستای بەشەکانیان بە فێرخوازانی نوێ ناساند.