زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا ئاهەنگی حەوتەمین خولی دەرچووانی گێڕا
ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا مەراسیمی حەوتەمین خولی دەرچوانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ سازکرد. لەم خولەی دەرچوواندا ١٧٧ فێرخواز لە ١٠ بەشی جیاواز دەرچوون، لەگەڵ ئەوەی کە هەردوو بەشی پزیشکی دەرمانسازی و ددان بۆ یەکەم جار لە پارێزگای سلێمانی دەرچوویان هەبوو لەم ساڵی خوێندندا. ئەمەش بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەو دوو بەشە و زانکۆکە بە گشتی کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کەرتی پزیشکیی لە کوردستان.
لە مەراسیمەکەدا بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د.عبدالفتاح عەبدولڕەزاق مەحموود، بریکاری وەزیری تەندروستی، د. رەهێل فەرەیدون، پارێزگاری سلێمانی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، کاک ئازاد محمد ئەمین و سەرۆکی زانکۆکان و ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و خاوەن و خێزان و دۆستانی دەرچووان ئامادەیبوون.
سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. دوابەدوای ئەمەش دکتۆر ئاری سامی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆ وتارێکی دەستپێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە دەرچوان کرد و هەروەها تیشکی خستە سەر هەندێک لەو دەسکەوتە گرنگانەی کە زانکۆکە بەدەستی هێناوە. دوابەدوای وتارەکەی دکتۆر ئاری، پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار، وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و هەروەها تیشکی خستە سەر هەندێک لەو کارە گرنگانەی کە زانکۆکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داوە. هەروەها پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و هیوای داهاتوویەکی پرشنگداری بۆ خواستن.
دوابەدوای وتارەکەی سەرۆکی زانکۆ، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د.عبدالفتاح عەبدولڕەزاق مەحموود، وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا ستایشی زانکۆی کۆماری کرد بۆ دەستکەوتە گەورەکانی لەڕووی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و بەشداریی گرنگی زانکۆ لە پێشخستنی وڵاتدا.
هەروەها بەڕێز عەبدولرەحمان تۆفیق، دەرچووی بەشی زانستی کۆمپیوتەر و یەکەمی زانکۆ، وتارێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی پێشکەش کرد و باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لە زانکۆ و تیشکی خستە سەر گرنگی کاری جدی بۆ هاوڕێ و هاوپۆلەکانی. دوابەدوای وتارەکەی، کاک عەبدولقادر، خوێندکاری پێشووی زانکۆ و خاوەن کارێکی سەرکەوتوو، وتارێکی پێشکەش کرد کە باسی لە ژیانی زانکۆیی خۆی و گرنگییەکەی کرد وەک هێزێکی پاڵنەر بۆ سەرکەوتنی لە جیهانی کاردا.
دوا بە دوای ئەمەش پرۆفیسۆر د.کاوس عەزیز فەرەج، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان سوێندی دەرچوانی خوێندەوە و پاشان دەرچوان بڕوانامەکانیان وەرگرت. پاشان دەرچووان بە جۆش و خرۆشەوە شەوەکەیان بە خۆشی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان بەڕیکرد