زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە هاوبەشی زانکۆی تەکنەلۆجی عێراق و زانکۆی ئوردن پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بینا و بیناسازی و ئەندازیاری ژینگەی ئەنجامدا
لە ٢١ و ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بینا و بیناسازی و ئەندازیاریی ژینگە بە سەرکەوتوویی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی تەکنەلۆجیای عێراق و زانکۆی ئوردن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسەدا شارەزایان و توێژەران و کەسانی ئەکادیمی لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان کرد.
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە وتەیەک لە لایەن دکتۆر سەڵاحەدین سەعید عەلی، سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا دەستی پێکرد کە تێیدا جەختی لە گرنگی ئەم جۆرە چالاکییە زانسییانە کردەوەو باسی لە گرنگی ڕۆڵی زانکۆی کۆمار کرد لە ئەنجامدانی چالاکی هاوشێوە.
پاشان نوێنەری پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئەلغەبان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی زانکۆی کۆماری کرد بۆ میوانداری و هاوبەشی کردنیان لەم کۆنفرانسە. هەروەها پڕۆفیسۆر دکتۆر حەسەن حەمودی جونی سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکە وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا هەندێ داتای گرنگی خستە ڕوو لەسەر ژمارەی توێژەران و توێژینەوەکان و بواری توێژینەوەکان.
قسەکەرانی سەرەکی کۆنفرانسەکە بریتی بوون لە دکتۆر ئەحمەد غەنی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، پڕۆفیسۆر د.محەمەد یوسف فەتاح لە زانکۆی تەکنەلۆجیا، عێراق و پڕۆفیسۆر د. حەسەن ئەلنەجم لە زانکۆی لیڤەرپول جۆن مور لە بەریتانیا. بەڕێزان هەندێ زانیاری گرنگیان خستە ڕوو شرۆڤەیەکی وردیان کرد بۆ پرسە هەنووکەییەکان و ڕەوتە نوێیەکانی بواری بیناسازی و ژینگە.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، ئامادەبووان پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ دەرفەتی بەشداریکردن لە گفتوگۆ و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوکارانیان لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا.