زانکۆی کۆمار و نەخۆشخانەی هیوا یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆکرد.
لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ شاندێکی نەخۆشخانەی هیوا سەردانی زانکۆی کۆماریان کرد. شاندەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بوو بە یاوەری دکتۆر محەممەد عەبدولوەهاب. شاندەکە لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر کاوەیس عەزیز فەرەج، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و خوێندکاران پێشوازیان لێکرا. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لایەن جەختیان لەسەر هاوکاری هاوبەشی زیاتر و دروستکردنی ڕێگای نوێ کردەوە بۆ کاری توێژینەوە و شێوازی کاریگەر بۆ باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەگشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و نەخۆشخانەی هیوا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموون، و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش. ئەمەش جگە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خوێندکارانی پزیشکیی زانکۆی کۆمار سەبارەت بە سەردان و ڕاهێنان لە نەخۆشخانەی هیوا.