زانکۆی کۆمار یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ نەخۆشخانەی هەرێم واژۆ کرد
ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، دکتۆر کاوس عەزیز، جێگری سەرۆکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، لەگەڵ دکتۆرە تەرزە جەمال سەرۆکی بەشی دەرمانسازی، پێشوازییان لە شاندێکی نەخۆشخانەی هەرێم لە شاری سلێمانی کرد. وەفدەکە پێکهاتبوون لە دکتۆر سەروەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و سەرجەم سەرۆک بەشەکانی نەخۆشخانەکان. مەبەست لە سەردانەکە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بوو بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی. هەریەک لە زانکۆی کۆمار و نەخۆشخانەی هەرێم رێککەوتن لەسەر کاری هاوبەش لە داهاتوودا لە رووی پرۆژەی ئەکادیمی هاوبەش و توێژینەوە و راهێنانی خوێندکاران و کۆنفرانس و سیمپۆزیۆم. لە دیدارەکەدا دکتۆر کاوس جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی توێژینەوە کردەوە بۆ پزیشکانی نەخۆشخانە جگە لە کاری پراکتیکییان. هەردوولا زیاتر باسیان لە گرنگی ئەم جۆرە پەیوەندییانە کرد لە دروستکردنی سیستەمێکی باشتری تەندروستی لە هەرێم. هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی هەڵسەنگاندنی بازاڕ لەلایەن نەخۆشخانە و زانکۆکانەوە بۆ دیاریکردنی جۆری ئەو کادرانەی چاودێری تەندروستی کە پێویستن بۆ دامەزراوە تەندروستییەکانی کەرتی تایبەت و گشتی.