یەکەی دڵنیایی جۆریی ڕاهێنانێکی بۆ ستاف و مامۆستایان ئەنجامدا
وەک نەریتێکی ساڵانەی زانکۆ، یەکەی دڵنیایی جۆریی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستایانی زانکۆی کۆمار ڕێکدەخات. ئەمساڵیش، وەک بەشێک لە کارەکانیان لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی ئەیلول، بەڕێز مامۆستا توانا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دڵنیایی جۆریی زانکۆی کۆمار ڕاهێنانێکی دوو ڕۆژەی بۆ مامۆستایانی سەرجەم بەشەکانی زانکۆ ئەنجامدا. ڕاهێنانەکە بابەتەکانی بریتی بوون لە دیزاینکردنی پڕۆگرامی خوێندن بەپێی ڕێنماییەکانی زانکۆ و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، پێداگۆجی داهێنەرانە، و ئەو شێوازەی کە خوێندکار تێیدا سەنتەرە. ڕاهێنانەکە بەسەر چەند دانیشتنێکی جیاوازدا دابەشکرابوو. لە دوو لە دانیشتنەکاندا، بەڕێز مامۆستا توانا مامۆستایانی ئاشناکرد بە بە ڕێنماییەکانی زانکۆی کۆمار لە دیزاینکردنی پڕۆگرامی خوێندندا کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕێنماییە نێودەوڵەتیەکاندا. هەروەها گرنگی و شێوازی بەکارهێنانی شێوازی وانە وتنەوەی شی کردەوە کە فێرخواز تێیدا سەنتەرە لە پراکتیکی وانەوتنەوەدا. دوابەدوای ئەمەش، د.ئەحمەد غەنی، لێپرسراوی یەکەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بابەتێکی پێشکەش کرد لەسەر پێداگۆجی داهێنەرانە و خوێندنی ئاوێتە. دانیشتنەکان بە بەشداری چالاکانەی سەرجەم مامۆستایان کۆتایی هات.