زانکۆی کۆمار لە ڕۆژی جیهانیی پزیشکانی دەرمانسازدا سیمپۆزیەمێکی ساز کرد
لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی پزیشکانی دەرمانساز، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سیمپۆزیەمێکی سازکرد بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لە بارەی ڕۆڵی پزیشکانی دەرمانساز لە کۆمەڵگادا و هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندی نێوان بواری پزیشکیی دەرمانسازیی و بوارەکانی تر. لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا هەر یەک لە بەڕێزان پرۆفیسۆر سەلاحەدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆ و دکتۆر تەرزە جەمال وتارێکیان پێشکەش کرد و پێشوازیان لە سەرجەم میوانان و پانێڵستەکان کرد. سیمپۆزیۆمەکە لە دوو پانێڵی سەرەکی پێکهاتبوو کە لەلایەن مامۆستایانی بەشی دەرمانسازیی زانکۆی کۆمار بەڕێوەبرا. ناونیشانی پانێڵی یەکەم بریتی بوو لە “جێبەجێکردنی ڕۆڵی دەرمانساز لە کۆمەڵگەدا” کە تیایدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی پزیشکانی دەرمانساز لە نەخۆشخانە تایبەتمەندەکان و چۆنێتی هاوکاری کردنیان لەگەڵ کارمەندانی تری تەندروستی بۆ بەرەوباشتربردنی چاودێریی نەخۆش. ناونیشانی پانێڵی دووەم بریتی بوو لە “بەستنەوەی بواری پزیشکیی دەرمانسازیی بە بوارە جیاوازەکانی ترەوە”. لەم بەشەدا پانێڵستەکان باسیان لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی دەرچووانی بەشی دەرمانسازیی کرد وەک پزیشکی دەرمانسازی کۆمەڵگەیی و ئەو تایبەتمەندییە کەسییانەی کە پێویستە هەیانبێت تا بتوانن لە داهاتوودا سەرکەوتوو بن.
لە میانی سیمپۆزیەمەکەدا گفتوگۆکان بەردەوام بوون لەسەر ڕۆڵی جیاوازی پزیشکانی دەرمانساز لە ئەکادیمیادا. پانێڵستەکان جەختیان لە گرنگی هەبوونی پلان و دیدێکی درێژخایەن کردەوە کە پێویستی بە پشودرێژی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و دەستپێکردنی خوێندنی باڵا لە دوای دەرچوونیان لە بەشەکانیان. هەروەها ئەندامانی پانێڵەکان گفتوگۆیان لەسەر ئەو پاڵنەرانە کرد کە پێویستن بۆ سەرکەوتن. هەروەها باسیان لە ئەزموونی کەسیی خۆیان کرد لە سەرەتای دەستپێکردنیان تا ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ پێی گەیشتوون. دوا بەدوای پانێڵەکان ئامادەبوان بەشداریەکی چالاکیان هەبوو بە ئاراستەکردنی چەند پرسیارێک و لە کۆتاییدا سەرجەم پانێڵستەکان لەلایەن دکتۆر کاویس عەزیز جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و خوێندکاران ڕێزلێنانیان پێبەخشرا. هەروەها دکتۆر تەرزە جەمال پێزانینی زانکۆی بەخشییە ئەو پزیشکە دەرمانسازانەی کە هاوکاری فێرخوازانی کۆمار بوون لە کاتی مەشقی هاوینەیاندا.