زانکۆی کۆمار پانێڵی “ڕووداوەکانی دزەکردنی غازی ئەم دواییەی سلێمانی و دهۆک؛ هۆکار و چارەسەر” ئەنجامدا
ڕۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2022 بەشی ئەندازیاری نەوت پانێڵێکی لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دزەکردنی غاز لە سلێمانی و دهۆک ڕێکخست. سەرەتای چالاکییەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ قوربانیانی هەردوو ڕووداوەکە دەستیپێکرد. دواتر زنجیرەیەک سیمینار لەلایەن پێنج لە بەشداربوانەوە پێشکەشکرا کە لە بواری ئەکادیمیا و پیشەسازی پەیوەندیدار بە دامەزراندنی سیستمی غازی شل کاریان دەکرد. لە سەرەتای سیمینارەکەدا د.هیوا سدیق سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی نەوت سیمینارێکی سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم جۆرە ڕووداوانە و چارەسەرەکانیان پێشکەش کرد. لە پاشان بەڕێز کاوە سەلیم ئەندازیاری کارەبا لە ئەڵمانیاوە بەشداری لە چالاکییەکەدا کرد بە سیمینارێکی ئۆنلاین کە بە شێوەیەکی تەکنیکی شێوازی کارکردنی سیستەمی LPG ڕوونکردەوە. دواتر بەڕێز مامۆستا سەردەشت سەردار مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی کۆمار لە ڕوانگەی ئەندازیاری شارستانییەوە بابەتێکی پێشکەش کرد کە تێیدا ئەو فاکتەرانەی ڕوون کردەوە کە بوونەتە هۆکاری ئەم ڕووداوانە. دوابەدوای ئەمە، بەڕێز کاروان خەفاف وەک نوێنەری پیشەسازی دانانی سیستەمی LPG بابەتێکی پێشکەش کرد کە تیایدا لەسەر کەموکوڕیەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە ڕوونکردنەوەی دا و جەختی لە گرنگی هەبوونی ڕێکار و ستاندارد کردەوە لە کاتی دانانی سیستەمی LPG. لە کۆتاییدا بابەتێک لەسەر داینامیکی کات لە تەقینەوەی ئەم جۆرە سیستەمەدا لەلایەن دکتۆر حەمید زادە، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی نەوت پێشکەشکرا. لە کۆتایی پانێڵەکەدا ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەکانیان ئاراستەی پێشکەشکاران کرد و باسیان لە چارەسەرەکانی کێشەکانی ئەم پیشەسازییە کرد و چەند ڕاسپاردەیەکیان پێشنیاز کرد کە بدرێت بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت.