زانکۆی کۆمار دوو سیمیناری لەسەر توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری ئەنجامدا
لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژ چالاکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا دوو سیمیناری لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە توندوتیژیی جێندەری ئەنجامدا. ئامانج لە سیمینارەکان هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و کۆمەڵگا بوو لەسەر ئەم بابەتە. سیمینارەکان لەلایەن بەڕێز دیاری حەمە ئەمین و خاتوو ساوێن لە ڕێکخراوی دامەزراوەی سیید ئەنجام دران. لە سیمینارەکەیدا بەڕێز دیاری حەمە ئەمین، باسی لە سایکۆلۆجیای توندوتیژی جێندەریی کرد کە تیایدا داتای لەسەر ئەو پرسە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی خستەڕوو. هەروەها باسی لە دەرئەنجامە دەروونییە نەرێنییەکانی توندوتیژی جێندەریی و هۆکارە مەترسیدارەکانی پەیوەست بە بابەتەکەوە کرد. دوابەدوای ئەم سیمینارە، خاتوو ساوێن سیمینارێکی لەسەر خۆکوشتن/زیان بە خۆ گەیاندن بەهۆی توندوتیژی: ناسینەوەی نیشانەکان و ڕێگریکردن لێی پێشکەش کرد. لە سیمینارەکەیدا خاتوو ساوێن باسی لە پەیوەندی نێوان خۆکوشتن و توندوتیژی کرد. لە میانی ئەم سیمینارانەدا، بەشدارییەکی گەرم لەلایەن ئامادەبووانەوە هەبوو کە پرسیار و سەرنجەکانیان سەبارەت بەو پرسە خستە ڕوو.