زانکۆی کۆمار بەشداری لە دووەمین کۆنفرانسی هۆشیارکردنەوەی مەترسی بایۆلۆجی عێراقی دەکات
لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ شاندێکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە شاری هەولێر بەشداری کرد لە “دووهەمین کۆنفرانسی هۆشیارکردنەوەی مەترسی بایۆلۆجی عێراقی”. کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمیتەی نیشتمانی چارەسەری مەترسی بایۆلۆجی (NBMC) بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیتەی چارەسەری مەترسی بایۆلۆجی کوردستان (KBMC) و پرۆگرامی کەمکردنەوەی مەترسی بایۆلۆجی (BTRP) و تاقیگە نیشتمانییەکانی ساندیا ڕێکخرابوو. شاندەکەی زانکۆی کۆمار بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر نۆئێل ڤینای تۆماس، سەرۆکی بەشی زانستی بایۆمێدیکاڵ و بە یاوەری خاتوو شانیا خەبات، بەڕێوەبەری تاقیگەکان لە زانکۆی کۆمار بوو. لە میانی کۆنفرانسەکەدا دکتۆر نۆئێل کە وەک قسەکەر بانگهێشت کرابوو، وتارێکی پێشکەش کرد لەسەر چارەسەری مەترسی بایۆلۆجی و ئالانگارییەکانی. هەروەها جەختی لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی ماددە مەترسیدارە بایۆلۆجیەکان کردەوە لە زانکۆی کۆمار و تیشکی خستە سەر بۆشایی و کەم و کورتی لە فڕێدانی دروستی ئەو جۆرە ماددانە.