خوێندکارانی بەشی ئینگلیزی زانکۆی کۆمار سەردانی دەزگای میدیایی کوردساتیان کرد
ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ خوێندکارانی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سەردانی بەشی دۆبلاژ و وەرگێڕانی دەزگای میدیایی کوردساتیان کرد. گەشتەکە لەلایەن بەڕێز بروا عوسمان عومەر مامۆستا لە بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی ڕێکخرابوو. خوێندکارەکان لەلایەن بەڕێز کۆڤان حسێن سەعدو بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کوردسات پێشوازییان لێکرا. بەڕێز کاک کۆڤان گەشتێکی بە فێرخوازەکان کرد بە ناو دەزگای میدیایی کوردسات و بەشە جیاوازەکانی کەناڵەکەی پیشاندان، لەوانەش ژووری هەواڵ و ستۆدیۆکان کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و تۆمارکراو بابەت و بەرنامەیان تێدا پێشکەش دەکرێت. دواتر لە سەردانەکەدا خوێندکارەکان بردرانە ستۆدیۆکانی دۆبلاژکردن و لەوێ وۆرک شۆپێکی بچووکیان لەسەر ڕاهێنانی دەنگیی لەلایەن کاک سورێن ناتیق ئەحمەد لێپرسراوی بەشی دۆبلاژ وەرگرت. دواتر خوێندکارەکان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە بچنە ناو ستۆدیۆکانەوە بۆ ئەوەی مەشقی دۆبلاژکردن لەسەر کەرەستەی ڕاستەقینەی تەلەفزیۆنیی بکەن.