بەشی پزیشکیی ددانی زانکۆی کۆمار وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتی لەسەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بواری پزیشکی ددانی دیجیتاڵیی ئەنجامدا
لە بەرواری ٢٠تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەشی پزیشکیی ددانی زانکۆی کۆمار بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ سەنتەری ڤانێست وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتی لەسەر پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بواری پزیشکی ددانی دیجیتاڵی ئەنجامدا. لە سەرەتای چالاکییەکەدا مامۆستایان و فێرخوازان و میوانان ساتێک بە بێدەنگی ڕاوەستان بۆ قوربانیانی تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی. پاشان چالاکییەکە بە وتارێک لە لایەن پرۆفیسۆر دکتۆر شاناز محەمەد غەفور سەرۆکی بەشی پزیشکیی ددان دەستی پێکرد. دوا بەدوای ئەمە، دکتۆر عوبەیدە گەیلانی، مامۆستا و ڕێکخەری بەشی پزیشکیی ددان بابەتێکی لەسەر بەکارهێنان و سودوەرگرتن لە ئامێری مایکرۆسکۆپی ددان لە زانستی دەماربڕیندا پێشکەشکرد. دواتر دکتۆر زریان جەزا، سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای ددان سیمینارێکی لەسەر دیجیتاڵیزم و تەکنەلۆجیای پەیوەست بە زانستی ڕاستکردنەوەی ددان پێشکەشکرد. دواتر دکتۆر شۆن، بەڕێوەبەری فرۆشتنی مێدیت لە بەریتانیا و ئێرلەندا، هەستا بە پێشکەشکردنی سیمینارێک و ڕاهێنانی بە ئامادەبوان کرد لەسەر بەکارهێنانی ئامێری MEDIT.