یانەی فێرخوازانی زانکۆی کۆمار پێشبڕکێیەکی بۆولینگی بۆ خوێندکاران ڕێکخست
لە ڕۆژانی ٣٠، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ فێرخوازانی زانکۆی کۆمار بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی یاری بۆولینگ کرد لە فامیلی مۆڵی شاری سلێمانی. لەم پێشبڕکێیەدا ٦٠ خوێندکار لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بەشداربوون، کە دابەشبووبون بەسەر ١٥ تیمدا. لە هەردوو ڕۆژەکەدا تیمەکان بەرامبەر یەکتر یارییان کرد و لە ڕۆژی دووەمی پێشبڕکێکەدا تەنها ٣ تیم بۆ قۆناغی پێش کۆتایی و یاری کۆتایی مابوونەوە. سێ تیمەکە بەرامبەر یەکتر یارییان کرد و دواتر ئەو دوو تیمە کە زۆرترین خاڵی بەدەستهێنابوو بەرەو یاری کۆتایی ڕۆیشتن. براوەی یاری کۆتایی لەلایەن فامیلی مۆڵەوە خەڵات کران.
یانەی خوێندکارانی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا یەکەیەکە کە کار دەکات لەسەر ڕێکخستنی چالاکی کات بەسەربردن و سەرنجی لەسەر فێرخوازانە. ئەم یەکەیە بەشێوەیەک کار دەکات کە ڕێگە بە خوێندکاران بدات زیاتر بەشداری ژیانی ناو زانکۆ بکەن بەدەر لە چالاکی ئەکادیمییان. ئەو چالاکییانەی کە لەلایەن یانەکەوە ڕێکدەخرێن، دەرفەت بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی خولیاکانیان پراکتیزە بکەن، پەرە بە لێهاتوویی سەرکردایەتی کردن بدەن و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیان هەبێت. هەروەها فێرخواز لە ڕێی ئەم یەکەیەوە دەتوانێت کاری خۆبەخشی بکات و بەشداری لە چالاکی وەرزشی و هونەری بکات.