وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەشداری پانێڵێک بوو لە زانکۆی کۆمار
لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق سازکرد. لە میانی کۆنفرانسەکەدا بەڕێز مەهدی ڕەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و خاتوو بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و پرۆفیسۆر نەزیر ئەنساری لە زانکۆی لولیا لە سوید بەشداری پانێڵێکیان کرد لەسەر ئەو کێشەو ئاڵانگارییانەی کە ڕووبەڕووی سەرچاوەکانی ئاو و بەنداوەکان دەبنەوە لە ناوچەکەدا. پانێڵەکە لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاحەلدین سەعید عەلی سەرۆکی زانکۆی کۆمار سەرپەرشتی کرا. لە پانێڵەکەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی سەرچاوەکانی ئاو و بەنداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنەوە. هەردوولا جەختیان لە گرنگی کاری دوولایەنە کردەوە لە نێوان وەزارەتەکانیان بەو پێیەی ئەو پرسە هاوبەشە لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق بەگشتی. لە پانێڵەکەدا نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە ئەکادیمیەکانی عێراق ئامادەبوون. گفتوگۆکە بە پرسیاری ئامادەبووان کۆتایی هات کە باسیان لە ئاڵنگاری و چارەسەری ئەو کێشانە کرد تا وڵات لەو قەیرانانە ڕزگار بکەن کە ڕووبەڕوی بووەتەوە.