مامۆستایانی بەشە زانستییەکانی زانکۆی کۆمار سەردانی شاری پزیشکیی ئەنوەرشێخەیان کرد
ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، مامۆستایانی کۆلێجی زانستەکان لە زانکۆی کۆمار سەردانی شاری پزیشکیی ئەنوەر شێخەیان کرد. شاندەکە پێک هاتبوون لە دکتۆر سەعد شیبلی، سەرۆک بەشی پەرستاریی، دکتۆر نوێل تۆماس، سەرۆک بەشی زانستی بایۆمێدیکاڵ، دکتۆر عوبەیدە فەلاح، ڕێکخەری بەشی پزیشکی ددان، مامۆستا هاوار لە بەشی پزیشکی ددان و مامۆستا ئەحمەد عبدالکریم، لە بەشی شیکاری نەخۆشییەکان. لە سەردانەکەیاندا مامۆستایانی زانکۆی کۆمار بانگهێشت کران بۆ بینینی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە. ئەمەش لە داهاتوودا هاوکار دەبێت بۆ داڕشتنی ستراتیژی دوولایەنە بۆ باشتر بەکارهێنانی سەرچاوە و و کارامەییە پزیشکیەکان لە بەرژەوەندی هەردوو لایەندا. هەردوولا ڕێکەوتن کە لە داهاتوودا کاری هاوبەش لە نێوان زانکۆی کۆمار و شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە بکرێت بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەشی زانستی. لە گفتوگۆکانیاندا هەردوو لا باسیان لە ئەگەری هاریکاری لە نێوان هەردوو لادا کرد لە داهاتوو بۆ ڕاهێنانی خوێندکاران، پەروەردەی پزیشکیی، بەکارهێنانی تاقیگە، هاوکاری پسپۆڕیی لە بوارە جیاوازەکاندا، کاری هاوبەشی توێژینەوە، چ لە ڕووی ئەنجامدانی توێژینەوە یاخود هاوبەشی پێکردنی داتای زانستیی بۆ بڵاوکردنەوە، هەروەها ئاڵوگۆڕ و سەردانیکردنی مامۆستایان.