فێرخوازانی بەشی پزیشکی ددان سەردانی قوتابخانەی کورد جینیەسیان کرد
ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ خوێندکارانی بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سەردانی قوتابخانەی کورد جینیەسیان کرد. مەبەست لە سەردانەکە پێدانی ڕێنمایی بوو بە قوتابیانی قوتابخانەکە سەبارەت بە تەندروستی دەم و ددان و هەروەها ئەنجامدانی چالاکی تایبەتی پەیوەست بەو بابەتە. لە سەردانەکەیاندا خوێندکارانی پزیشکی ددان، پشکنینیان بۆ ددانی خوێندکارەکان ئەنجامدا و لە کۆتاییدا دیارییان پێبەخشین کە فڵچەی ددان و مەعجونی ددانی لە خۆ گرتبوو. بەشێک لە چالاکییەکانی خوێندکاران لە زانکۆی کۆمار پێکدێت لە پڕۆژەی کۆمەڵایەتی هاوشێوە کە فێرخوازەکان دەتوانن ئەوەی لە وانەکانیان فێربوون بیبەنە دەرەوەی پۆلەکان و بیبەخشنەوە بە کۆمەڵگا.