سازدانی سیمینارێک لەسەر مەترسیەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ
ڕووداوەکانی هاتووچۆ یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان لە سەر شەقامەکان، ئەم ڕووداوانە ساڵانە قوربانییەکی زۆریان لێدەکەوێتەوە و بە پێی ئامارەکان گەنجانیش بەشێکن لەم ڕووداوانە. هەر بۆیە لە ١/٨/٢٠٢٢ یانەی خوێندکاران لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا سیمینارێکی سازکرد بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران لەو پرسە. سیمینارەکە لەلایەن عەقیدی هاتووچۆ بەڕێز بەختیار محەمەد لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی پێشکەشکرا. لە میانی سیمینارەکەدا بەڕێز بەختیار محەمەد چەند داتایەکی خستەڕوو سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها بەڕێزیان باسیان لە هەندێک لەو کێشانە کرد کە ڕووبەڕووی ئەفسەرانی پۆلیسی هاتوچۆ دەبنەوە لە کاتی ئەرکەکانیاندا. سیمینارەکە بە کۆمەڵێک پرسیار لە لایەن ئامادەبووانەوە کۆتایی هات کە دەرفەتێکی زیاتری ڕەخساند بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی هەندێک ڕێنمایی سەبارەت بە شۆفێری کردنی سەلامەتتر و هەندێک لە یاساکانی هاتوچۆ.