زانکۆی کۆمار پێشوازی لە کۆمەڵێک قوتابخانەی شاری سلێمانی کرد
ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پێشوازی لە کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەر و نوێنەری قوتابخانەکانی شاری سلێمانی کرد. نوێنەرانی قوتابخانەکان لەلایەن پرۆفیسۆر د.کاوس عەزیز فەرەج، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان پێشوازییان لێکرا. مەبەست لە سەردانەکە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و قوتابخانەکان بوو. لە میانی دیدارەکەدا بەڵێن نجم الدین لە یەکەی میدیا و مارکێتینگەوە کورتەیەکی لە بارەی زانکۆی کۆمار و بەشەکانی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد. دوابەدوای ئەمە، د.ئەحمەد غەنی بەڕێوەبەری یەکەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، کورتەیەکی لەبارەی پرۆگرامەکانی خوێندن و چالاکییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پێشکەش کرد. دواتر مامۆستا کۆچەر عەلی سەعید بڕیاردەری بەشی زمانی ئینگلیزی بابەتێکی لەسەر پڕۆگرامی “ڕایز” بە میوانەکان پێشکەش کرد، کە پرۆگرامێکە خوێندکارانی ئامادەیی دەبات بۆ ئەمریکا بۆ ماوەی سێ هەفتە. بڕیارە قوتابخانەکان ١٠ لە خوێندکارەکانیان بنێرن بۆ ئەوەی لەلایەن مامۆستاکانی زانکۆی کۆمار سەرپەرشتی بکرێن لە کاتی پرۆسەی داوا پێشکەشکردنیان بۆ پرۆگرامەکە. کۆبوونەوەکە بە گەشتێک بە ناو زانکۆی کۆمار کۆتایی هات و کە تێیدا میوانەکان سەردانی ناوپۆل و تاقیگەکانی زانکۆیان کرد.