زانکۆی کۆمار پڕۆگرامێکی ئاشناکردنی بۆ فێرخوازە نوێیەکانی ئەنجامدا
ڕۆژی 28-29ی کانونی یەکەمی 2022، زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا پرۆگرامێکی ئاشناکردنی دوو ڕۆژەیان بۆ خوێندکارە نوێیەکانیان ئەنجامدا. ئامانج لە چالاکییەکە ئاشناکردنی خوێندکارانی نوێ بوو بە زانکۆ و سیستمی خوێندن لە زانکۆکە. خوێندکاران لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر کاوس عەزیز فەرەج جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئەکادیمی و فێرخوازان پێشوازییان لێکرا. پرۆفیسۆر کاوس پیرۆزبایی لە خوێندکاران کرد بەبۆنەی وەرگیرانیان لە زانکۆی کۆمار، هەروەها باسی لە ژیانی زانکۆ و گرنگی کاری جدی و لێبڕان کرد لە ماوەی ساڵانی خوێندنی زانکۆ. دواتر مامۆستا بروا عوسمان عومەر، ڕێکخەری پەیوەندییەکانی زانکۆ، بابەتێکی سەبارەت بە زانکۆی کۆمار و لایەنە جیاوازەکانی ژیان لە زانکۆکەدا پێشکەش کرد. دوابەدوای ئەم بابەتە، بەڕێز مامۆستا بەمۆ نادر، بەڕێوەبەری کاروباری فێرخوازان و تۆمار، بابەتێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە ئۆنلاینانەی کە بۆ خوێندکاران بەردەستە لە زانکۆ. لە کۆتایی ئەم پرۆگرامەدا سەرۆک بەشەکان بەخێرهاتنی فێرخوازەکانیان کرد و بەشەکانیان بە فێرخوازانی نوێ ناساند.